» چنوور نامیق
خاتوون "چنوور نامیق"، بەناوی تەواوی "چنورر نامیق حەسەن"، شاعیر و ڕۆژنامەنویس کورد، دانیشتەجی لە شاڕی هەوڵیرە.
(۱)
هەورێك بەسەرمانا ئەگری
رۆینی تۆ و چوونەوەی من
بەزەوی رائەگەیەنێ
(۲)
هەموو رۆژێك نامەیەكت بۆ ئەنێرم
خۆ من ئەزانم قەت ناگا
بەڵام هەر كە من ئەینێرم
روحی تۆ هەستی پێئەكا!
(۳)
عومرێك لەنێوانمان رژا
مینای سەبوریمان شكا
چ قومارێكی مەزن بوو
عەشق
كە
هەردوكمانی پێ دۆڕا!!
(۴)
دڵئێشاندن زۆر ئاسانە
چرکەیەک زیاتری ناوێ
ساڕێژبوون تەمەنێکی دەوێ
هەندێ جاریش پێڕاناگەی...
باڵابوون جوانی روحی ئەوێ
رووتبونەوەی هەناسە و سازانە لەگەڵ دڕکەکانی ژیان
زانست بەبێ تامی ڕوح
گۆزەیەکی بەتاڵە
دڵشکاندن هەناسەیەکی ئەوێ
چاکبونەەوەی زیاتر لەژیان
بە کۆڵانی دڵئێشێنەرەکاندا مەڕۆ
دڵ تاقەتی ئەم بگرەوبەردەیەی کوا ماوە؟
(۵)
[ژنێكى پڕ پڕ له درۆم]
له‌رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا
پێش هه‌زار ساڵ
چیتر
نه‌متوانى گوڵه‌كان ئاوده‌م
بومه ئینجانه‌ى چوار ته‌مه‌ن بۆ ژاكانیان
لێوم بۆ هه‌ر باده‌یه‌ك برد هه‌ر گاڵته‌جاڕ بوو وه‌رزى دڵ
شه‌كره زه‌قنه‌بوته لێوم كه ناتوانم
تامى ماچه‌كان بكه‌م و
نزاى ئه‌وین بمباته‌وه بۆ كۆشى خۆى
ئه‌ى بۆ بمبا؟
كه نه‌متوانى ببم به‌ژنێكى زانا له واڵاكردنى ده‌رگاكان بێ ته‌قه‌ته‌ق
كه نهزانبووم له ئاودێریى شتڵهكانى تامه‌زرۆیى
لهههڵدانى ریزه ماچه‌كان له بادا...
ئێستا خۆم ئه‌توانم بڵێم
له‌شارى دڵ فاشیلترین ژنى ئه‌م مێژووه سهرسپییهم،
هیچ
كتێبێكى عه‌شق نه‌ما پیاسه‌ى بێ مهیلیى تیانهكهم
به‌بێ ئه‌وه‌ى توانام هه‌بێ نۆته سوره‌كانى ئه‌وین وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانه‌كانى په‌پوله
به‌بێ ئه‌وه‌ى بوێریكه‌م چه‌پكه گوڵێك بده‌مه ده‌ستى یاره‌وه
هه‌زار ساڵه له قوتابخانه‌كانى ئه‌وین له پۆلێكم
له‌دایكمه‌وه بۆم ماوه
ترس
خورپه
پێنه‌كه‌نین
هه‌زار ساڵه فێرى تهقوى و تاعه‌ت ئه‌كرێم،
ژنێكى نه‌وێرى به‌ر باران چۆن ئه‌توانێ په‌ڵه بدا؟
چۆن ئه‌توانێ به‌ته‌ماشا هاتوچۆى هه‌وره‌كان راگرێ؟
چۆن ئه‌وێرێ ئه‌ستێره‌كان بگرێت بهدهستهكانیهوه؟
چۆن ئه‌توانێ شه‌پۆله‌كان به‌گیر بێنێ؟
زه‌نگ
ده‌نگ
هێڵى سوور و
فرمانه‌كان
مه‌كه و
مه‌ڕۆ
هه‌زار ساڵه شێتم ئه‌كا
هه‌زار ساڵه گریان ژیرم ئه‌كاته‌وه و به‌خۆى ئه‌گرى
ژنێكى پڕپڕ له درۆم
له نمایشى هه‌تاییدا وا وشك ئه‌بم
هه‌زار ساڵه پێكى ترسا‌و هه‌ڵئه‌ده‌م و له پۆلى ئه‌وین قوتابیم
به‌بێ ئه‌وه‌ى چه‌پكه گوڵێك بده‌مه ده‌ستى یاره‌وه
به‌بێ ئه‌وه‌ى بوێریكه‌م
وشه‌ى عه‌شق وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانه‌كانى باڵنده
به‌بێ ئه‌وه‌ى توانام هه‌بێ
ماچێك له بادا هه‌ڵبده‌م...
(۶)
[من و لیسا لێرە نابین]
بەیانییەک من لێرە نیم
تۆش ئەتەوێ لەئاوێنەی ژوورەکەمدا دڵی لیسا* بخوێنییەوە...
ئاوێنەکە لەبەر نیگا تیژەکانت درز ئەبا
وێنە کۆنەکەی من ئەشکێ
کچێکی تیا دەرئەکەوێ
لەتێکی روخساری منە و ئەویتریان
لەتە مانگە
چونکە لیسا لەئەزەلەوە هەر نییە و
هەررگیز نایە
ئێوارەیەک من بەشوێن خۆرا ئەگەڕێم
تۆش ئەتەوێ دڵێ زەردی پرتەقاڵێک توێ توێ بکەیت تا
بۆن بەدڵی لیساوە بکەی
بەیانییەک من لێرە نیم
شەیتانێکی روحسوکی ئەودیوی ژیان
دەعوەتی تاراوگەم ئەکا
کۆترێک یاداشتەکانم ئەفڕێنێ
لەبۆ دنیای غەیبی ئەبا
ئالەوێدا
سێبەرێکی روو نورانی
چل ڕێساکەی عەشقم ئەبا و
ئەیکاتە باڵی پەپولە
ئا لەوێدا شەراب ئەگۆڕێ بەسرکە
هەموو شتێک دوا ئەکەوێ
ئاوێنەکەم لەبەر نیگا تیژەکانت درز ئەبا
نەمن
نەلیسا دەربەدەرەکەی تۆ
بۆ هەتایە لەوێ نابێن!
-----------
* لیسا: پاڵەوانی قەسیدەی هاوڕێم مەهدی ساڵح
(۷)
[دەڵێی درەختی لارەوبووی دوای رەشەبام]
هێند عەیارم لاسایی سەمای گشت دنیا ئەگەمەوە
هێند بێعارم
دەڵێی درەختی لارەوەبووی دوای رەشەبام
دڵی کورسییە بەتاڵەکانی دڵداران ئەدەمەوە...
سێبەری عاشقە نەهاتووەکان لەبەر ئەکەم
چاوبڕکێ لەگەڵ گوڵەکان دەست پێ ئەکەم
دەستی دارێکی زەرد ئەگرم
نزای سەوزی و بۆنی باران
رامئەگرێ
دێم و دەڕۆم چاوبڕکێ لەگەڵ گوڵەکان ئەکەم
چاو ئاسمانی
دڵ دەشتایی
روح خاکەڕا
هێند بێعارم،
دەڵێی درەختی لارەوبووی دوای رەشەبام...
(۸)
[وەکو ژنێکی سەماکەر سەیرم ئەکا]
سروشت وەکو ژنێکی سەماکەر تێم ئەڕوانێ...
ساتێک قژەکەم تێک ئەدا...
سەردەمێکیش مێژووی تاڵەکان ئەدۆزێ
جار نەجارێ کراسەکەم هەڵئەماڵێ
لەم گێچەڵە هاروهاجەی ئەو ڕەشەبا چاولەدەرە سەردەرناکەم، تۆقەی بەقژمەوە نەهێشت
ساتێ قژەکەم تێک ئەدا و
ساتێک دەقی جلەکەم ئەشکێنێ
خانمە دادوەریش سروشتە و هیچ وەڵامم ناداتەوە...
(۹)
[بادەیە رووم]
بادەیە ڕووم
کاتێ پێکی دەستم ئەشکێ
پیاڵەیەک شیعری رژاوە دییەم
کەتۆ دەڕۆی...
ژیانە ڕوخساری چۆڵم کە دێیتەوە
پیاڵەیەکی پڕ لەمیهرە نیگام
کە ڵەدەرگای دڵم ئەدەی...
ئیتر بۆخۆی
بادەیە رووم
پیاڵەیەکی چاوەڕێیە دییەم...
(۱۰)
[گۆرانییەکە هێشتا بەلێومەوە ماوە]
دەنگی باڵدارەکە دەهات
گەڵایەک کەوت
دڵی منیش کەوتە لەرزە
جگەرەکە نەیویست پێ بێ
زەینی ئێمەش گۆرانیەکە پەلکێشی کرد
بۆیە بەتەنیا ماینەوە...
جریوە لەدڵ ئاوابوو
ڕەنگە بەشوێن با کەوتبێ
جگەرەکە نایەوێ بکوژێتەوە
زەینی ئێوارە بەتاڵە لەخەیاڵی جۆلانەکان...
کەنارییەکە شوێن گۆرانییە ترساوەکەی دڵی من کەوت
بیری چوو بگەڕێتەوە
گۆرانییەکە هێشتا بەلێومەوە ماوە
ئیتر نیشتیمان ئاوا بوو
ئەو پیاوەی لێم حاڵی نەبوو
فرمێسکە گێژبووەکانمی سڕیەوە
ڕەنگەکانی چاوم ڕژان
گۆرانیەکە هێشتا لەگەرووم قەتیسە
جگەرەی نێوان پەنجەکانم بیری چوو بکوژێتەوە...
(۱۱)
ئەم بەیانییە چاوێکم کەوتە ناو فنجانەکەی دەستمەوە
ئای چی تاڵ هەڵگەرایەوە بینینم
لەئەلفی دابڕانەوە
هەتاکو ئەلفی دابڕان
هیچم نەدی
بێ لە وێسگەی بەردەوام پڕ
جگە لە سۆزی دڵ بەتاڵ
لەمرۆڤی ناکۆتا جوان
بەڵام هەموو هەر دەڕۆیین...
هەموو شتێک
هەموو کەسێک لە جوولە بوون...
ئالێرەوە ئیتر بێ مانایە عەشق
(۱۲)
[دیمۆگرافیای دڵم گۆڕا]
گۆڕینی دیمۆگرافیای دڵێک
هێندەی گۆڕینی نیشتیمان تاوانە
بەڵام خەتایەکی جوان و تاعەتێکی
نیوەچڵ و ناتەواوە ئەزیزم
لەم پەراوێزی جەنگەدا وا شێت دەبم
وەلێ شێتییەکی جوانتر
لەو عەقڵدارانەی بەدیار ژیانەوە دۆش داماون
تەنیا پیتێکیش تێناگەن لە گمە گمی ئاشتبونەوەی نێوان دوو کۆترە ئازاری
زامار
من هەتیوی دیار پرسیارەکانی ژیان بووم
دایکم هەر پەلەی رۆینی بوو بۆ کۆتایی زەوی
بوار نەبوو دوو ماچی رومەتەکانی پڕ بەدڵ بخۆمەوە
من هەمیشە دڵمەستانە بەشوێن عەشقی نەبووەوە رامئەکرد و مایە پوچ و دڵ بەتاڵ ئەگەڕامەوە
جار بەجاریش رێم ون ئەکرد..
هێندە خۆری نیشتیمانم بەدەستەکانم گواستەوە
دڵم وەک چاوت گڕی گرت...
هێندە درەنگ وەختانێ هاتمەوە
بەر هەیوانی رۆمانە چۆڵ وهۆڵەکان
ئیتر خۆم بوومە سێبەر و تۆش تارمایی...
ئێستا زانیم
گۆڕینی دیمۆگرافیای دڵێک
هێندەی گۆڕینی نیشتیمان تاوانە
بەئەزیەتە
وەلێ خەتایەکی جوان و کارەساتبارە ئەزیزم
دەوەرەوە تاوێکیش بێ، ئەم نەخشە
توراب ئامێزەی دڵ
بەسەرکەوە
و دوا کوچەی روحم بگۆڕە
(۱۳)
ساباتێك بە پرچمەوەو
لەنجە ئەكا
رژانی تۆ لەسەر جەستەم
ئەسڕێتەوە
(۱۴)
خەونێك بە چاومەوە وێڵە
كاڵبوونەوەی لێوەكانم
بۆ پێكێكی بەجێماوی لێواری شەو
بەچرپە
ئەگێڕێتەوە!!
(۱۵)
گەردوون لە دەنگمدا ونە
بێدەنگیم
ئەنوسێتەوە
سەردەمێك بە باڵامەوە
مێژوویەكە
چاوەڕوانی ئازادییە
(۱۶)
شتێك لە نێوانمان شكا
لە دڵما دەنگ ئەداتەوە
خەمێك كردوومی بە پەنا
بۆیە دییەم تاو نا تاوێ
چەن ساتێ بینین رائەگرێ!!
(۱۷)
باڵای ژنە بەهێزەكە
خوڕ خوڕ رژا
سۆزی چۆڕ چۆڕ
زەویی بەپیت ئەكردەوە
تۆش لەولاوە چاوەڕێ بووی
كەی ببێتەوە درەخت و
میوەكانی لێكەیتەوە
(۱۸)
لەو رۆژوەی بەڕێی ئاوا سەرم هەڵگرت
لەو ساتەوەی بۆنم دۆزییەوە لە ڕێژوان
باوەڕم هێنا بەوانەی پێیان وتم
هەرگیز شوێن هەوەسی ئاو و
ئیغرائاتی بۆن مەكەوە
هەردوو دوورت ئەخەنەوە لەئازیزان!
(۱۹)
بۆ شكاندنی غەریبیم
شەوان گۆرانییەكی خەمهێن و
پیاسەیەكی دەوری قەڵام كردووەتە خوو
ئەڵێم بەڵكو سووڕانەوەم بەدەوری هیچ
تاسەی فیراقم بشكێنێ
كەچی گیانه
بەشعرێكی نەوتراوت پڕ ئەبمەوە لەگریان و
بەهەناسەیەكی نیشتمان
پڕ ئەبمەوە لەغەریبی!
(۲۰)
دیكتاتۆرێك بەناوی ئازادییەوە
قومار لەسەر بوونم ئەكا
و
هەر ئەدۆڕێ
فێری كردم چۆن نەتوانم خۆشم بوێ
چۆن نەتوانم
بچمە جێژووان
چۆن ئاوێنە لەسێبەری رمان پڕكەم
چۆن جامی ئەشك بنێمە لێوی شەوەوە
فێری كردم
چۆن نەتوانم بیری بكەم
چۆن نەتوانم خۆشم بوێ
گشت ئەم نەئانەی فێر كردم
خۆی نەیتوانی
جێبارانێ
لەناو روحما
بەجێبێڵێ!
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی


وبلاگ انجمن شعر و ادب رها (میخانه)
