کاک "غەمگین خدر"، ناسراو به "غەمگین بۆڵی"، یەکێکە لەشاعیرە گەنجەکانی سەردەم، چەندین بەھەمی شعری ناوازەی نوسیووە، تا ئێستا سێ کتێبی شیعری چاپکراوی ھەیە، بەن، اوەکانی:
- تەرمێک لەسەر زمانم دەنێژم
- نەخۆشخانەی شاعیران
- تەنیا تۆ دەتوانی تۆ بیت
(۱)
[تەنیا تۆ دەتوانیت تۆ بیت]
چوومە ئەو دیوی زەمەنێکی ڕەنگاڵەی بێڕەنگ
چاوشارکێم لەگەڵ تراویلکەی مەرگی خۆم کرد
قەبری خۆم لێ ون بوو
گەڕامەوە بۆ ژیان، ناچار
کەس وەک خۆم وەری نەگرتمەوە
لەو نێوانەدا ماومەتەوە
لەناو ئەو شیعرەدا سەرەدیقەمە لەگەڵتان.
...
دەستم لە گیرفانی دەرهێنا
هیی هەر هەمووتان
گەرمی هەموو پێستێک ساختە دەرچوو
ڕووی مرۆڤانەی هەمووتان سارد سارد
بووە چایەکی یەکڕەنگی لە بیرکراو
پێش بمرم
پێش ئەوەی بزانم گۆڕم لە کوێیە؟
پێش ئەوەی ڕەنگی کێڵم بزانم!
پێش ئەوەی بزانم بۆ مردوومە؟
هەمووتان بە یەک دەنگ، دەنگێکی گڕ
گوتتان: لە گۆڕت بەم!
...
لەوەتەی تۆ ڕۆیشتوویت
هەورەکانی ئاسمانیش بێدەنگییان لێ دەتکێ
باشە قەینا تۆ لە من بێدەنگی
بەس ئاسمان بێدەنگی بۆ کێ؟
...
بووینە ڕابردوو
ڕابردووت برینی ئێستامانە،
قووڵ
قووڵ
بە جەستەی ئایندەمانەوە.
(۲)
دەنگی گۆرانییەكی ماندوو لەو تڕومبێلە سکڕابە دێت
....
جگەرە پۆخڵەواتچییەكان بكوژێننەوە
دووكەڵی جگەرەكە بەرز بۆوە
ئەو ناوەی سەغڵەت كرد
پاكەتی جگەرەكە کەوتووە
لەو سەری حەوشەی ماڵ
قوژبنێکی نەماوە بۆ هەناسەی تەماشایەک.
گۆرانییەكانی تێكەڵ
بە غەڵبە غەڵبی خۆكوشتن.
لە دەرەوەی حەوشەوە
وەڕینی سەگێكی هیلاك
ماندوو ماندوو
پێشوازی دەکات
لە ترقە ترقی پێڵاوی نەفەرێك
شالوورێكی ڕەنگاو ڕەنگ بەسەر دارهەناری حەوشەكەوە
سروودی تریفەكانی سەحەر دەخوێنێت.
دیسان جگەرەكێشەكە:
ڕۆژگارەكانی لەبەر شەبەنگ
پۆخڵ
پیس پیس
لە بیر دەچن
وشەكانی پڕ دەبن لە پۆخڵەوات
لە پڕدا دەنگی گوللەیەك!
دوایی كەمتر لە دەقەیەك...
پیاوە جگەرەكێشەكە بێدەنگی دەیخواتەوە
دووکەڵەکە فرمێسکی بەرز دەبێتەوە
کراسێک لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت
کونبەدەر بووە
جگەرەكەیش لە قەراغی جۆگە
دووكەڵ
فرمێسک
دووکەڵ
فرمێسک
دووکەڵ
...
دیارە مەرگ سەغڵەت بووە لە ژینی خۆی
خۆكوشتن دەچێتە گەرماو
خۆی لە ژیان دەشوات
ڕۆحی بسمیل دەکا
لە ناوەراستی كۆڵان تا ئەو سەریش
ڕاوەستاوە
زەق زەق
دەرگەكانیش داخراون کەچی.
پەنجەرەكانیش دڵیان تووند
دەنگی گۆرانییەكی ماندوویش
ڕووداوەکان کاوێژ دەکاتەوە.
ترس
بێدەنگی شەق دەکا
شەق شەق دەبێ
چیڕۆکی پیاوێک و
پیاوی ناو چیڕۆکەکە
پارچە
پارچە
تڕومبێلێكی پەنچەر
تایەی غاردانی لچشۆڕ
کونەکانی سوور دەچێتەوە
هۆرنی ژیان
بۆ کام مەرگەسات لێبدەین
خۆی مرۆڤبوون ژیان بسمیل دەکا
خوێنی گەرمی کەسێک
ناوەڕاستی كۆڵانەكە قەرەباڵغ دەکات
کوژراوێک کە دەشێت تۆ بیت
سڵ لە خۆی دەكاتەوە
ترس تا سەر کەپووی دێت و
زرم م م م
تەقە لە سێبەرەکەی دەکات.
(۳)
[قووڵایی شەو]
لە پێش دەستم دەجووڵێیت
تارماییت تاكوو ئەوپەڕی قووڵایی شەو دەڕوات و
ئەستێرەکان دەژمێری
شكستی ئەو شەوانە بۆ پەنجەكانم ئەوە بوو
باغەوان نەبووم و
نەمتوانی زمانی گوڵ لە شیعرمدا بچێنم
ئامێری زەبەلاح كەوتنە تەنیشت پەیڤەكانم
رەشبینی بەناو پەراسووەكانمدا بڵاوبۆوە
ئەو هیوایەتەم لە گۆڕی باوكت نا!
ڕابردووی خەواڵووم هەستا
لەكاتی دووبارەی خەودا
بنێشتجوین پێكەنینە بە گریانەكانت.
لەم شیعرەدا
دەمەوێت قووڵ لە ئازارەكانم ڕۆبچم
تاكوو هەست بە دەمارەكانی ژیانم بكەمەوە.
چاوم لە قووڵایی ئاسماندا تاریك داهاتووە
شەو بەناو ڕەشبینم وەك تاعوون بڵاوبۆتەوە
ڕوخساری ئەستێرەیەك لە نیگام دەچەقێت
وەسوەسەی مەرگ رۆحم ڕادەچڵەكێنێت و
بیری ئاسوودەیی دەكەم
بیرت دەكەم
ئاسوودەیی دەستەكانت لێوڕێژی پەمۆ بوون.
چەند رۆژێكە ئەوەندە گەرمە
بیری كۆخەكۆخی زستان دەكەم
ئاسمان ئەو كاتانە ئەوەندە شین و مۆر هەڵگەڕا
تاکوو ئاو لە سینگی چۆڕا
تۆیش ئەوەندە نقوومی ئاسمانم بوویت،
تاكوو ئەستێرە لە دەستەكانت ڕژا.
لە ژێر سەقفی ماڵێكدا
شەو باری و
تاریكی بیناییمانی كردە كۆیلەی خۆی.
خەتای ڕووناكی گەورە نەبوو،
خەتای بێخەتایی ئێمە بوو.
ئەو خەتایەی قاوەی ئەڤینی
هەتاهەتایەی لە بەردەممان سارد كردەوە.
كە قاوەی بەردەممان ساردیش بۆوە،
هیچ گڕی ئەوینێكی دیكە،
هیچ ئاگری سووتانێكی دیكە ناتوانێت گەرمی بكاتەوە.
لە هەینێوە...
تەلەفۆنت بۆ مەرگ كردووە،
تاكوو بێتە سەردانت و قاوەیەكی تاڵتر
لە ژیانت لەگەڵ بخواتەوە.
كە پەیڤەكانم بوونە بەرد،
تۆ بۆ بوویتە شووشە و بەبێ
ئەوەی تاڵە پرچێكت بشكێت،
هەستت بە شكان كرد.
لە پێناوی ئەوەی سەری دڵخۆشییەكانت نەشكێت،
پشتم كردە پشتم!
پشتم كردە چیژی دنیا و
دەستەبەرداری هەموو شتێكم بووم،
تەنیا زمان نەبێت.
قسەی هەموو گەردوونم پشتگوێخست،
تەنیا لە پێناوی ئەوەی حەزی تۆ گاگۆڵە بكا و نەمرێت. نیوچاوانت
ئەوەندە بەرز بێت،
هەتاكوو پرچت بەناو ئاسمانی
شەوەكانمدا بخشێت.
تاكوو بەئاسانی بتوانیت دەست لە
نەرمایی هەورەكان بدەیت و
بارانەكان لەسەر دەریاكان راگری و
وەرزەكان بە ئارەزووی خۆت بگۆڕیت.
دووبارە هاتمەوە و
شیعری ئەڤینی قووڵایی شەوم بۆ نووسییەوە
لە دوا دێڕدا،
لاپەڕەیەكی سپیم بۆ جێهێشتی.
چاوم بە پێكێك مەراقەوە مەستی گریان بوو
فێڵم لە دڵم كردەوە
ئەوەندە خوێنی خۆم خواردەوە
هەتاكوو خرۆكە سوورەكانم قڕكردن
خوێنم نەما و لە بێ خوێنی تۆشدا خۆم كوشت!
هەر نەمهێشت دەفتەری خۆزگەكانت بدڕێنن
هەر نەمهێشت دەستەكانت بكەنە لافیتەی پرسەكەم
هەر نەمهێشت پەرێزی پرچت ئاگر بگرێت
هەر نەمهێشت گوللە بە قووڵایی ئاسمانت وەنێن
هەر نەمهێشت كەوتنت بكەوێتە بن پێم
نەمهێشت بمری و بۆت مردم!
بۆت هەزار جار مردم و
دوو هەزارجاریش ژیامەوە
تەرمی خۆم لە بن زمانم شاردەوە و
جەستەم خستە سەر پێیەكانم و ڕۆیشتم...
جەهەننەمیش بەم هەموو ئازاری مردنەوە
وەری نەگرتم و
نەیتوانی ئەو هەموو ئازارەم بسوتێنێت.
نەیتوانی ئەو هەموو گوناهەم
لە پەنای پەیڤی پاكبوونەوەدا بشارێتەوە.
ئێستایش ئەوەندە مردن
لەناو ژیانمدا كۆچی دوایی كردووە،
بەرگەی كارەساتی مەرگی مریشكێكیش ناگرم!
دەڕۆم و دەڕۆم...
تەرمەكەم بەناو شاردا هەر هاتوچوویەتی
نە هیچ ڕۆژگارێكی ڕەش دەیلاوێنێـتەوە
نە هیچ شەوگارێكی سپیش قسەیەكی لێوبەخەندەی لەگەڵ دەكات.
ڕوخساری مەرگم شێوێنراوە و
هەبوونی تەرمەكەشم بە ژیان نامۆیە!
خۆم وەك تارمایییەك دەبینم.
ئەوەندە سەری بێ ڕۆحم لێ تێكچووە،
ناتوانم بەم هەموو ئازارەوە تەرمەكەم ئاو بدەم،
ناتوانم بەم هەموو برینەوە
تەرمەكەم بەرمەوە بن سێبەری سەقفی ماڵەكەم،
ناتوانم بەم هەموو مەرگەی
لەناو تەرمەكەمدا تەقەتم كردووە،
لە پەراوێزی ژیانیش بژیم!
دەزانم كە دەزانن،
حەز دەکەن زمانم تفت بێت.
بوورام، ببوورە
حەیاشم چووە ئەوەندەی بمرم!.
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
شروعی جدید برای رشد برند شخصی یا کسبوکارت — در ارم بلاگ
مشاهده